بەغدا پارەی موچە مانگی 6ی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕەوانەكرد، لە ماوەی 2 رۆژدا موچە دابەشدەكرێت

    0
    9
    دنانير عراقية
    دنانير عراقية

    ئەمرۆ وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 421 ملیار و 760 ملیۆن دیناری وەك مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خستەسەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی كاربەرێكەری هەرێم.

    لە دوای گەیشتنی پارەكەی بەغدا، حكومەتی كاربەڕێكەر رایگەیاند، سبەی چوارشەممە دەست دەكرێت بە دابەشكردنی موچەی فەرمانبەران لە ماوەی دوو رۆژدا موچەی سەرجەم دام و دەزگاكان دابەش دەكرێت، بەڵام ناوی وەزارەتی كارەبا و پەرلەمانی كوردستان و هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە لە لیستەكەدا نییە و وەزارەتی دارایی هەرێم هیچ روونكردنەوەیەكی لەو بارەوە نەداوە.

    ئەمە لەكاتێكدایە كە حكومەتی عێراق، رۆژی 4ی ئەم مانگە بڕی 231 ملیار و 605 ملیۆن دیناری دیكەی بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفاكراوان و زیندانیانی سیاسیی و خاوەن پێداویستی تایبەت و خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی رەوانەی هەرێم كردبوو.

    حكومەتی عێراق لەدوای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە، مانگانە لە كاتی خۆیدا پارە بۆ موچەخۆرانی هەرێم دەنێرێت، بەڵام مانگانە حكومەتی هەرێم ناردنی لیستی موچە بۆ بەغدا دوادەخات و بەهۆیەوە وردبینی و گەیشتنی پارە بۆ موچەخۆرانی هەرێم دوادەكەوێت.