سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە هەر کات بەشار ئەسەد هەنگاوێکی نا بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیادا، ئەوا ئەوانیش ئەو هەڵوێستەی بەرامبەر نیشان دەدەن و، ڕایگەیاند: “ئێمە بانگهێشتەکەمان (بۆ ئەسەد) دەکەین، دەمانەوێت بەم باگهێشتە پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا وەک ڕابردوو بگەیەنینەوە هەمان خاڵ. دەکرێت بانگهێشتەکەمان لەهەر کاتێکدا بێت”.
لە دوای سەردانی بۆ ئەڵمانیا بە ئامادەبوونی لە یاری چارەکی کۆتایی نێوان تورکیا و هۆڵەندا لە چوارچێوەی پاڵەوانێتی ئەورووپا ٢٠٢٤دا، سەرکۆمار ئەردۆغان لە میانی گەڕانەوەیدا لە نێو فڕۆکەکەی بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا و وەڵامی پرسیارەکانی دانەوە.
سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی سووریا، بەشار ئەسەد، ئەردۆغان ڕایگەیاند: “ئێمە بانگهێشتەکەمان (بۆ ئەسەد) دەکەین، دەمانەوێت بەم باگهێشتە پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا وەک ڕابردوو بگەیەنینەوە هەمان خاڵ. دەکرێت بانگهێشتەکەمان لەهەر کاتێکدا بێت”.
ڕاشیگەیاند: “بەڕێز پوتین هەڵوێستی هەیە لە بارەی کۆبوونەوە (لەگەڵ ئەسەد)دا لە تورکیا، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵوێستی هەیە. ئێمە لە هەموو شوێنێک باس لە نێوەندگیرەکان دەکەین، جا بۆ لەگەڵ دراوسێکانماندا نەبێت؟”.
ئەردۆغان زیاتر باسی لە پرسی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا کرد و ڕایگەیاند: “ئێستا گەیشتووینەتە خاڵێکی وەها کە هەر کات بەشار ئەسەد هەنگاوێکی نا بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیادا، ئەوا ئێمەش ئەو هەڵوێستەی بەرامبەر نیشان دەدەین”.
هەروەها سەبارەت بە دانوستانەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە غەززە، ڕایگەیاند: “کۆبوونەوەی سەرۆکی مۆساد لەگەڵ بەرپرسانی حەماس لە دەوحە جێگەی باسە. لە کۆبوونەوەکاندا چەند هەنگاوێکی ئەرێنیی نراون کە پێشنیاری ئاگربەستی هەمیشەیی دەکەن”.
ڕاشیگەیاند: “(غەززە) دەڵێن ئیدی ئاگربەست لە ئان و ساتدایە. واتە ڕەنگە لە ساتێکدا هەواڵێکی جددی لەوێوە بێت، بەڵام هەموو پرسەکە پەیوەستە بە هەڵوێستەکانی ناتانیاهۆوە”.
جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت ئیسرائیل واز لەنیەتی تەشەنەسەندنی پێکدادانەکان بهێنێت بەناوچەکەدا و ڕایگەیاند: “دەبێت وڵاتانی ڕۆژئاوای بەتایبەتی ئەمریکا دەستبکێشنەوە لەو پشتیوانیەی لەم حاڵەدا لەئیسرائیلی دەکەن”.