ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: لە خودا داواكارم ساڵی نوێی كۆچی بكاتە ساڵی سەركەوتنی گەلانی چەوساوە و شكستی زلهێز و ستەمكارانی جیهان

    0
    5
    محمود بهاء الدين منداري
    محمود بهاء الدين منداري

    مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە بۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی (1446) كۆچی پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو دەكاتەوە :

    ده‌قی په‌یامه‌كه‌: 

     

    بسم الله الرحمن الرحيم

    إِلَّا تَنصُرُوهُ فَقَدْ نَصَرَهُ ٱللَّهُ إِذْ أَخْرَجَهُ ٱلَّذِينَ كَفَرُواْ ثَانِىَ ٱثْنَيْنِ إِذْ هُمَا فِى ٱلْغَارِ

    جەماوەری ئیسلام پەروەری كوردستان

    هاتنەوەی ساڵیادی هیجرەتی سەروەرمان محمد المصطفی (ﷺ) و سەری ساڵی كۆچی لە ئوممەتی ئیسلام و سەرجەم مرۆڤایەتی بە گشتی و گەلی كوردستان بەتایبەتی پیرۆز ئەكەم، لە خودای پەروەردگار داواكارم ساڵی نوێی كۆچی بكاتە ساڵی سەركەوتنی گەلانی چەوساوە و شكستی زلهێز و ستەمكارانی جیهان .. هەروەك دەخوازم لە ساڵیادی بۆنەی هیجرەتی پێغەمبەری سەردارمان (ﷺ) زۆرترین دەرس و عیبرەت وەربگرین لە لێبران و فیداكاری و بەختكردنی سەر و ماڵ لە پێناو پەیامی خودا و چەسپاندنی عەدالەت و دامەزراندنی حوكمی رەشید و پارێزگاری مافی مرۆڤ و بڵند راگرتنی پەیامی راستەقینەی ئیسلام..

    هیجرەت بەو هەنگاوە گەورەیە دائەنرێت كە هێڵی جیاكەرەوەی دوو قۆناغی جیاواز و گرنگی پەیامی خودايه بۆ مرۆڤایەتی .. سەرەتای گۆرانكاریەكی گەورە بوو لە هەموو رەهەندەكانی ژیاندا .. دەستپێكی دامەزراندنی دەوڵەتی مەدینە و دەستوری پێكەوە ژیانی پێكهاتەكان بوو.

    هیجرەتی پێغەمبەر و یارانی سەلمێنەری ئەوەیە كە دەبێت عەقیدە و مەبدەئو پەیامی رزگاری مرۆڤ لە پێشەوەی هەموو شتەوە بێت، بۆیەش وەك مرۆڤ ئەنجامدرا و هاوشێوەی میعراج موعجیزە نەبوو تاكو هەموو موسڵمانێك ئامادە بێت ئەنجامی بدا و شیاوی دووبارەكردنەوە بێت ..

    هیوادارین ساڵی نوێی كۆچی ساڵی سەركەوتنی گەلی ستەمدیدەی فەلەستین بێت بەسەر داگیركەری مناڵ و سڤیل كوژدا.

    ساڵی كۆچكردن بێت لە كۆیلەیی و پاشكۆیەتی و بەزین بۆ سەربەرزی و سەركەوتن و چالاكی و خزمەت ..

    جارێكی تر ساڵیادی كۆچ و سەری ساڵی (1446) پیرۆز بێت لەگەلی ئیسلام پەروەری كوردستان و عێراق و ئوممەتی ئیسلام ..

    براتان

    سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین

    ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

    30/ذي الحجة /1445هجرى