بانكی ناوەندی عێراق میكانیزمی نوێی بۆ وەرگرتنی دراوی بیانی دۆلار ئاشكرا كرد، كە لە ڕێگەی فرۆشگای كۆمپانیا و بانكەكانەوە دەدرێت بە گەشتیاران لە فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكان.
بانكی ناوەندی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەو میكانیزمە نوێیەی لە 14ی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئامانجی سەرەكییان ئەوەیە لەو رێكارە نوێیە كە دۆلار بگاتە دەستی گەشتیارانی ڕاستەقینە و بە مامەڵەی دروست تێپەڕێت، هەروەها رێكاری نوێی داناوە بۆ ئەوەی ئاسانكاری بۆ گەشتیاران بكرێت و خێراتر دەستیان بە دۆلار بگات.
بانكی ناوەندی پێداچونەوەی بە میكانیزمی نوێ بۆ گەشتیاران بۆ وەرگرتنی پشكی خۆیان لە دراوی بیانی دۆلار كردووە، ئاماژەی بەوەشكرووە كاردەكەن بۆ داخڵكردنی داتای ئەو گەشتیارانە و ناوەكەیان دەخرێتەسەر پلاتفۆرمێكی ئەلیكترۆنی بانكی ناوەندی عێراق، پسوڵەیەكی پشتڕاستكردنەوەی پڕۆسەی دانانی دینارەكە بە گەشتیار دەدرێت بۆ ئەوەی دۆلاری كاش لە فڕۆكەخانە وەربگرێت، لەكاتی تەواوبونی ڕێكارەكانی ڕۆشتن، بڕە پارەكە بە دۆلار لە ڕێگەی ئەو شوێنانەی كە بەردەستن دەگەیەندرێتە دەستی گەشتیاران.