نەتەوە یەکگرتووەکان: “ئیسرائیل ڕێگری کردووە لە گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ باکووری غەززە”

    0
    5
    اطفال تعاني المجاعة في غزة
    اطفال تعاني المجاعة في غزة

    گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستیفان دوجاریک ڕایگەیاند کە ئیسرائیل ڕێگری کردووە لەوەی بەشێکی زۆری یارمەتییە مرۆییەکان بگەیەندرێتە باکووری کەرتی غەززە.

    ستیفان دوجاریک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەدا کە لەئێستادا، ئاوارەکانی کەرتی غەززە، بەدەست کەمیی گەورەی شوێنی نیشتەجێبوون و پێداویستییە گرنگەکانی ڕۆژانە، دەناڵێنن.

    ڕاشیگەیاند کە گەیاندن و دابەشکردنی یارمەتییە مرۆیییەکان لە ڕێگای دەروازەی سنووری کەرەم ئەبو سالم، بەھۆی کێشەی ئەمنی و کەمی سووتەمەنییەوە، ئەستەم بووە.

    باسی لەوەش کرد، کە تەقەمەنییە نەتەقینەوەکان لە غەززە، مەترسییەکی گەورەی دروست کردووە بە تایبەتی بۆ سەر منداڵان دروست ئاماژەی بەوەشدا کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، کچێکی تەمەن نۆ ساڵ لە خان یونس بەھۆی ئەو تەقەمەنیانەوە کوژراوە.

    ئەوەشی خستەڕوو کە لە مانگی ڕابردوودا، ئیسرائیل ڕێگری کردووە لەوەی بەشێکی زۆری یارمەتییە مرۆییەکان بگەیەندرێتە باکووری کەرتی غەززە.