یەكگرتوو: ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە تاكە رێگا دەزانین بۆ شەرعیەت دانەوە بە دەزگا سەروەریەكانی هەرێمی كوردستان

    0
    4
    ئه نجومه ني
    ئه نجومه ني

    ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتوو ڕایدەگەیەنێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە تاكە رێگا دەزانین بۆ شەرعیەت دانەوە بە دەزگا سەروەریەكانی هەرێمی كوردستان

    پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەك شەممە بەرواری 30/6/2024 ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەرسەرپەرشتی بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو و بە ئامادەبوونی د. هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی و د. محەممەد ئەحمەد سەرۆكی دەستەی باڵای چاودێری و ئەندامانی ئەنجومەن كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان لە شاری هەولێر ئەنجامدا
    لە سەرەتای كۆوبونەوەكەدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو تیشكی خستە سەر دوا گۆرانكاریەكانی هەرێم و عێراق و ناوچەكە و جیهان و راڤەی پێشهات و گۆرانكاریەكانی كرد .

    ئەنجومەنی جێبەجێكردن پێشوازی كرد لە دیاری كردنی كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە بەرواری (20/10/2024) و هەڵبژاردنی بە تاكە رێگا زانی بۆ شەرعیەت دانەوە بە دەزگا سەروەریەكانی هەرێمی كوردستان ..، هەر لەو بارەیەوە لێژنەكانی هەڵبژاردن لە هەرچوار بازنەكانی( هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە) راپۆرتی كار و چالاكیەكانیان خوێندەوە و گفتوگۆی تەواو لەسەر ئامادەكاریەكان كرا و لەو بارەوە بڕیار و راسپاردەی پێویست وەرگیرا بەمەبەستی بەشداریەكی گەرموگور و تۆماركردنی سەركەوتنێكی بەرچاو، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی جێبەجێكردن جەختی كردەوە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و بەچاودێری و بەشداری رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان .

    لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا ئەنجومەنی جێبەجێكردن پرسی موچە و خزمەتگوزاری هاوڵاتیانیان تاوتوێكرد و جەختی كردەوە لەسەر دابینكردنی موچەی هاوڵاتیانی كوردستان لە كاتی خۆیدا ئەویش بە پابەندبوونی هەردوو لایەنی حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە نیشتمانی كردنی موچە و مسۆگەركردن و یەكسانكردنی موچەی فەرمانبەران بەتایبەت موچەی خانەنشینان و زیندانیانی سیاسی .

    لە كۆتاییدا ئەنجومەنی جێبەجێكردن سوپاس و دەستخۆشی سەرجەم ئەنجومەنەكان و دامەزراوە و مەڵبەند و دەزگاكانی راگەیاندن و رێكخراوە خێرخوازی و دەعەویەكانیان كرد كە لە ماوەی رابردوودا كار و چالاكی گەورە و جوان و جیاوازیان ئەنجامداوە.