14هەمین خوڵی هەڵبژاردنەكانی ئێران كەوتە گەڕی دووهەمەوە كە بڕیارە هەینی داهاتوو 5ی تەممووز بەڕێوە بچێت.
بەهۆی تێنەپەڕینی ڕێژەی لەسەدا 50ی دەنگەكانیان لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار لەئێراندا، هەریەكە لە بەربژێری ڕیفۆرمیست مەسعود پزیشكیان و بەربژێری پارێزگاران سەعید جەلیلی، كەوتنە گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنەكان.
گوتەبێژی ناوەندی هەڵبژاردن لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران موحسین ئیسلامی لە بارەگای وەزارەتەكەی دەرئەنجامەكانی 14هەمین خولی هەڵبژاردنی سەركۆماریی لە ئێرانی ڕایگەیاند.
بەو پێیە، 24 ملیۆن و 535 هەزار و 185 كەس دەنگی داوە كە لەو ژمارەیە مەسعود پزیشكیان 10 ملیۆن و 415 هەزار و 191 دەنگی بەدەستهێناوە كە لەسەدا 42.5ی دەنگەكانە.
ئیسلامی ڕاشیگەیاند، بەربژێرەكەی پارێزگارانی ئێران سەعید جەلیلی، 9 ملیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگی بەدەست هێناوە كە دەكاتە لەسەدا 38.6ی دەنگەكان.
بەو پێیەی هیچ كام لە كاندیدەكان نەیانتوانی لە سەدا 50ی دەنگەكان بەدەست بهێنن، پزیشكیان و جەلیلی كە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنا، چوونە گەڕی دووەمەوە كە بڕیارە لە 5ی تەممووزدا بەڕێوە بچێت. هەریەكە لە محەمەدباقر قالیباف لەسەدا 13.8 و مستەفا پور محەمەدیش لەسەدا 0.8ی دەنگەكانی بەدەست هێناوە.
بە پێی ئامارەكانی ناوەندی دەنگدانی ئێران یەك ملیۆن و 56 هەزار و 159 دەنگیش پووچەڵ كراونەتەوە و ڕێژەی بەشداربووانیش نزیك لەسەدا 40 بووە.