عێراق پەلامارە چه‌كدارییه‌كه‌ی سەر کۆماری داغستان لە ڕووسیا سەرکۆنە کرد

    0
    6
    مسلحين في داغستان
    مسلحين في داغستان

    وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ئەو پەلامارە چەكدارییە بڵاوکردەوە کە کرایە سەر خاڵێکی پۆلیس، پەرستگایەکی جووەکان (سیناگۆک) و دوو کڵێسا لە شارەکانی ماھاچکالە و دەربەنت لە کۆماری داغستان لە ڕووسیا.

    لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھاتووە: “عێراق بە توندی سەرکۆنەی ئەو پەلامارە تیرۆریستییە دەکات کە لە کۆماری داغستان لە ڕووسیا ڕوویدا بەھۆیەوە ژمارەیەک کارمەندی ئەمنی و کەسی کوژراون و برینداربوون”.

    وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی حکوومەتی ڕووسیا و کەسوکاری قوربانییانی پەلامارە تیرۆریستییەکە کردووە، ھەروەھا ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانیش خواستووە.

    ڕاشیگەیاندووە کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ئەستۆ بگرێت و ئاماژەی بەوەشداوە کە بەھەموو شێوەیەک تیرۆر و توندئاژۆیی ڕەت دەکەنەوە.

    دوێنێ وەزارەتی ناوخۆی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو کە پەلاماری چەکداری کراوەتە سەر خاڵێکی پۆلیس، پەرستگایەکی جووەکان (سیناگۆک) و دوو کڵێسا لە شارەکانی ماھاچکالە و دەربەنت لە داغستانی ڕووسیا.

    بەرپرسی کارگێڕی کۆماری خۆبەڕێوەبەری داغستانی سەربە ڕووسیا، ماڤسوم راگیمۆڤ ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاکامی پەلامارە چەکدارییەکەی شارەکانی ماھاچکالە و دەربەنت کوژراون گەیشتووەتە 21 کەس.