بە بەشداری زیاتر لە ١٢٢ هەزار قوتابی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ لە هەرێم دەستی پێکرد

    0
    5
    طلاب الثانوية العامة
    طلاب الثانوية العامة

    بە بەشداری زیاتر لە ١٢٢ هەزار قوتابی لە بەشەکانی، زانستی، وێژەیی و پیشەیی، تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ لە هەرێمی کوردستان – عێراق دەستی پێکرد.

    وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێم، ئالان حەمەسەعید و پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو سەردانی یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری هەولێریان کرد و لە نزیکەوە چاودێری دەستپێکی پڕۆسەکەیان کرد.

    ئالان حەمەسەعید لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند کە کۆی ئەو قوتابییانەی بەشداری تاقیکردنەوە گشتییەکان دەکەن بریتین لە ١٢٢ هەزار و ١٥ قوتابی و بەسەر دوو هەزار و ١١٥ هۆڵ دابەشکراون.

    هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئالان حەمەسەعید گوتیشی: “پێش تاقیکردنەوەکان ھیچ حاڵەتێکی گزیکردن نەبووە، هەروەها لە دووساڵی ڕابردووشدا دەزگا ئەمنییەکان هاوکاربوونە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بابەتە، هاوکات ئێمە تیمێکی چاودێرمان ھەیە لە وەزارەتی پەروەردە، ئەو تیمە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئاسایش، تەواوی ئەو پێگە و تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی ئەوان بەکاریدەهێنن، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت وھەر کەسێکیش دزە بە پرسیارەکان بکات، دەدرێت بە ئاسایش و وەزارەتی پەروەردەش بە فەرمی سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار دەکات”.

    هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو گوتی: “لە سنووری پارێزگای ھەولێر، ٣٩ ھەزار و ٥٣٩ قوتابی پۆلی ١٢ بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن و بەسەر ٦٨١ ھۆڵی تاقیکردنەوەدا دابەش بوون”.

    ئومێد خۆشناو گوتیشی: “لە مانگی ئادارەوە ھەموو زەمینەسازییەکمان کردووە بۆ ئەوەی کەشێکی ئارام بۆ قوتابیان دابین بکەین. ھەروەھا بۆ سەرخستنی پرۆسەکە ئامێری فێنککەرەوە و کارەبای بەردەوام و ئاوی خواردنەوەمان بۆ قوتابیان دابین کردووە”.