کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بڕیاری کەنەدا کە سوپای پاسدارانی خستە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە

    0
    11
    جنود على ظهر مدرعة
    جنود على ظهر مدرعة

    سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەلی باقری: “حکوومەتی کەنەدا بەرپرسیار دەبێت لە دەرئەنجامەکانی ئەم بڕیارە ئیستفزازی و نابەرپرسیارانە”.

    ئێران بڕیاری کەنەدای بە هێرش بۆ سەر سەروەری نیشتمانیی لە قەڵەمدا کە سوپای پاسدارانی خستە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە و، ئاماژەی بەوە کرد کە مافی وەڵامدانەوەی هەیە.

    گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی لە ڕاگەیاندراوێکدا بە توندی ئیدانەی بڕیارەکەی کەنەدای کرد.

    کەنعانی بڕیارەکەی حکوومەتی کەنەدای بە دوژمنانە و پێشێلکردنی بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەقەڵەمدا، لەوانەش یەکسانی سەروەرییەکان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان، ئەوەیشی خستەڕوو کە بڕیارەکە وەک هێرش بۆ سەر سەروەری نیشتمانیی ئێران دەبینن.

    ناسر کەنعانی باسی لەوە کرد کە ئەو بڕیارە ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر ھێز و توانای سوپای پاسداران نابێت و، تاران مافی خۆیەتی بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەڵامی ئەم کارە بداتەوە کە دژ بە گەل و دەوڵەتی ئێرانە.

    لەلایەکی دیکەوە، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەلی باقری، لە هەژماری ئێکس پەیامێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و، باسی لەوە کرد کە سوپای پاسداران بەشێکی دانەبڕاوە لە هێزە چەکدارەکانی ئێران و، کەنەدا کردەیەکی خراپی کردووە کە پێشێلکارییە بەرامبەر یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکان.

    گوتیشی: “حکوومەتی کەنەدا بەرپرسیار دەبێت لە دەرئەنجامەکانی ئەم بڕیارە ئیستفزازی و نابەرپرسیارانە”.