بەپێی بەدواداچونێكی كەناڵی سپێدە تا ئێستا زیاتر 19 حاجی هەرێمی كوردستان لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەكیش بێسەروشوێنن كە زۆربەی ئەو حاجیانەن كە بە ڤیزەی یەكساڵی چوونەتە سعودیە.
لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا ژمارەی ئەو حاجیانەی كە بە هۆی خراپی خزمەتگوزاریەكان بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما، گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە 950 كەس، ئاژانسی فرانس پرێسیش دەڵێت ژمارەی گیان لەدەستدان نەگەیشتۆتە 900 كەس بەڵكو زیاتر لە 600 كەس تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام تا ئێستا حكومەتی سعودیە هیچ ئامارێكی فەرمی بڵاونەكردۆتەوە.
جگە لە مردن و گیانلەدەستدان ژمارەیەكی زۆریش لە حاجییان بێسەروشوێنن و بنەماڵە و كەسوكارەكانیان هیچ هەواڵێكیان لێیان نییە.
بەپێی بڵاوبوونەوەی ژمارەیەك گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كە لە ناوچەكانی مینا و عەرەفات و موزدەلیفە ڤیدیۆكان گیراون، لە رۆژی یەكەمی جەژنەوە ژمارەیەكی زۆر لە تەرمی حاجیان لەسەر شەقامەكان.
بڵاوبوونەوەی دیمەنی كەوتنی تەرمی حاجیان لەسەر شەقامەكان حكومەتی سعودیەی روبەڕووی ڕهخنەی توند كردۆتەوە، رێكخراوەكان و چالاكوانانی بوارەكانی مافی مرۆڤ ڕەخنەیان ئاراستەی دەسەڵاتدارانی سعودیە كردووە.
دیپلۆماتكارێكی عەرەبی بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، تا رۆژی دووەمی جەژن زیاتر لە 1400 حاجی میسری بێسەروشوێن بوون، كە لەو ژمارەیەدا تەرمی 323 كەس دۆزرابوونەوە و گیانیان لەدەستدابوو، ئەو دیبۆماتكارە گوتیشی: پێش بینی دەكرێت ژمارەی حاجییە میسرییەكان كە گیانیان لە دەستداوە زۆر زیاتر ببێت.
تا ئێستا 11 حاجی ئێرانی گیانیان لە دەستداوە هەروەها 68 حاجی خەڵكی هێندستان و 20 حاجی خەڵكی ئوردن و 41 حاجی خەڵكی عومان و ژمارەیەك حاجیش لە وڵاتانی تونس و سەنیگال گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستیی ئەندەنوسیا تا ئێستا 136 حاجیی ئەو وڵاتە لە وەزری حەجی ئەمساڵ لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە.
لەبارەی ئەو ژمارە زۆرەی حاجیانی میسری كە گیانیان لەدەسداوە پەرلەمانتاری پەرلەمانی میسر محەمەد عەبدالعلیم، داوای لە حكومەتی وڵاتەكەی كردووە بە زووترین كات لیژنەیەك بنێرێتە سعودیە بۆ دۆزینەوەی ئەو ژمارە زۆرەی حاجیان كە بێسەروشوێنن.
ئەو پەرلەمانتارەی میسر گوتیشی لە بەرامبەر ئەو مامەڵە خراپەی كە لەگەڵ حاجیانی میسری كراوە لە وەرزی حەجی ئەمساڵ پێویستە حكومەتی میسری هەڵوێست بنوێنێت.
ئەمساڵ بۆ حاجیانی ماڵی خوا ساڵێكی كارەساتبار بوو، حاجیان وەرزێكی حەجی پڕ لە ماندووبوون و ئەزیەت و ناخۆشیان بەڕێكرد.
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی سعودیە بەردەوام لافی ئەوە لێدەدەن كە ئەوان خزمەتێكی گەروەی حاجیانی ماڵی خوا دەكەن بەڵام ئەم ساڵ جگە لەو رێگری و ئەزیەتدانی ئەو حاجیانەی كە بە ڤیزەی یەكساڵی یان گەشتیاری چووبون بۆ سعودیە.
ئەمساڵ خزمەتگوزاریەكانی سعودیە بۆ حاجیان لە ئاستێكی زۆر خراپ دابوو، ئەمە لەگەڵ ئەوەی حكومەتی سعودیە لە رێگەی پێدانی ڤیزە بە موسڵمانانی جیهان بۆ مەبەستی حەج و عومرە ساڵانە دەیان ملیار دۆلار قازانج دەكات، بەڵام دەبوو رۆژانە حاجیان چەندان كیلۆ مەتر بە پێ هاتوچۆ بكەن بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكانی حەج لەبەر ئەوەی هۆكارەكانی گواستنەوە بۆ شوێنە پیرۆزەكان پەكی كەوت و نەیانتوانی حاجیان بگوازنەوه.