وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق رایگه‌یاند، عێراق له لیستی ئه‌و وڵاتانه‌ی منداڵ بۆ ململانێ چه‌كدارییه‌كان به‌كارده‌هێنن ده‌رچوه و ئه‌وه‌ش له ئه‌نجامی ئه‌و هه‌وڵ و كارانه‌یه كه له‌گه‌ڵ یونسێف و یۆنامی ئه‌نجامیان داوه.
ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی وه‌زیری كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی عێراق له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، به گوێره‌ی دوایین راپۆرتی ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان له‌باره‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی منداڵ بۆ ململانێ چه‌كدارییه‌كان به‌كارده‌هێنن، ناوی عێراق له لیستی ئه‌و وڵاتانه ده‌رچوه.
ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌وه‌ش له ئه‌نجامی ئه‌و پلان و كاره هاوبه‌شانه‌یه كه له گه‌ڵ تیمی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان (یونسیف ، یۆنامی) ئه‌نجامیان داوه به تایبه‌تی له رێگریكردن له به‌شداریكردنی منداڵان له ململانێ چه‌كدارییه‌كان.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌م هه‌نگاوه پێگه‌ی عێراق له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی پته‌و ده‌كات، عێراق پابه‌ندی هه‌موو ئه‌و رێككه‌وتن و پرۆتۆكۆلانه بووه كه باس له مافه‌كانی منداڵ ده‌كه‌ن.