پوتین مەرجەکانی ڕووسیای بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئۆکراینا ڕاگەیاند

    0
    15
    بوتين
    بوتين

    سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر ئۆکراینا لە دۆنێسک، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا بکشێتەوە و دەستبەرداری خواستی بەشداری کردن لە ناتۆ بێت، دەتوانن دەست بە دانوستان بکەن و ڕایگەیاند: “داوای داخستنی لاپەڕەی تراژیدی مێژوو و هەنگاو بە هەنگاو بنیاتنانەوەی پەیوەندی دراوسێی باشی ڕووسیا لەگەڵ ئۆکراینا و ئەورووپا دەکەین لەسەر بنەمای متمانە”.

    پوتین لە بینای وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی لە مۆسکۆی پایتەخت لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا کۆبووەوە.

    لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ و ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەکی کرملین، یوری ئوشاکۆڤ و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان بەشداریان کرد.

    لە کۆبوونەوەکەدا پوتین مەرجەکانی ڕووسیای بۆ ئاگربەست لەگەڵ ئۆکراینا ڕايگەیاند و، گوتی: “پێویستە یەکە سەربازییەکانی ئۆکراینا لە کۆمارەکانی دۆنێسک و لوهانسک، ناوچەکانی خێرسۆن و زاپۆریژیا بکشێنێتەوە. دوای ئەوەی کیێڤ بە فەڕمی ڕاگەیاند کە ئامادەی ئەمەیە و دەست بە کشانەوەی یەکەکانی بکات و دەستبەرداری پلانی خواستی بەشداری کردن لە ناتۆ بێت، خێرا فەرمان دەکەین بە ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان و دەستپێکردنی دانوستانەکان”.

    گوتیشی: “ئەمڕۆ دووبارە داواکاری ئاشتییەکی ڕاستەقینە ئاڕاستەی ئۆکراینا دەکەین. داوای کۆتاییهاتنی شەڕ و پێکدادانەکان دەکەین، نەک ئاگربەستی کاتیی و چەقبەستنی بابەتەکە”.

    سەرۆکی ڕووسیا پوتین باسی لە کۆنفرانسەکەی سویسرا کرد و، ڕایگەیاند: “بانگهێشتی کۆنفرانسەکەی سویسرا نەکراین. بەبێ ڕووسیا و دروستکردنی دیالۆگێکی کراوە و بەرپرسانە لەگەڵ ئێمەدا، ئەستەمە چارەسەر بۆ ئاسایشی ئۆکراینا و ئەوررووپا بدۆزرێتەوە”.