نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازی کردووە لە سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەلی باقری و شاندی یاوەری.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق دووبارە سەرەخۆشی بۆ گیانلەدەستدانی سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی و یاوەرانی ئاراستەی عەلی باقری کردووە و دووپاتی کردووەتەوە کە عێراق بە ئاراستەی پتەوترکردنی پەیوەندیی و ھاریکارییەکانی لەگەڵ ئێران، ھەنگاو دەنێت.
باسی لەوەشکردووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، پێشھاتە ھەرێمی و نێودەوڵەتيی، ھەروەھا پێشھاتەکانی شەڕی غەززە تاوتوێ کراوە و لەبارەیەوە جەخت کراوەتە لەسەر ئەوەی کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھەوڵی جیددی بدات بۆ وەستاندنی دەستدرێژییەکانی سەر کەرتی غەززە و دوورخستنەوەی ناوچەکە لە ململانێیەکان.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە بەشیکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، بە گرنگ زانراوە کە لیژنە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران بەردەوام لە ئەنجامدانی کۆبونەوەکانی نێوانیان، جەختیش کراوەتە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو یاداشتنامە لێکتێگەیشتننانەی کە لەنێوان ھەردوو وڵاتدا لە بوارەکانی وزە، ئاسایش، فێرکردن، گواستنەوە، ئابووریی و بوارەکانی دیکە واژوو کراون.
ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەلی باقری ئاماژەی بەوەشداوە کە عێراق ڕۆڵێکی گرنگ لە ناوچەکە دەگێرێت و بەردەوامیش ھەوڵی نزیککردنەوەی نێوان وڵاتان دەدات و دووپاتی کردووەتەوە کە ئێران پاڵپشتی لە ھەوڵەکانی عێراق دەکات بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی “ڕێگای گەشەپێدان و گوتوویەتی: “ئێران ئامادەیە بەشداری لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە ستراتیژییەدا بکات”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەلی باقری بەسەردانێک گەیشتە بەغدا.