ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی ئیتاڵی ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە، یۆڤانتۆس ئەم هاوینە یاریزانێكی بارسێلۆنە دەکاتە ئامانج.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی، یانەی یۆڤانتۆس دەیەوێت ڤیتۆر ڕۆکی بەڕازیلی هێرشبەری بارسێلۆنە بەشێوەی خواستن بباتە ریزەكانی و لە وەرزی داهاتووەوە بە درێسی یوڤی یاری پێ بكات.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، یۆڤانتۆس دەبێت جیاوازی مووچە لە ڕیزەکانیدا کەم بکاتەوە، ئەمەش لە فرۆشتنی مۆیس کینەوە دەستپێدەکات.
جگە لەوەش یانەی یۆڤانتۆس ناچار دەبێت فێدریکۆ کیێسا لەم هاوینەدا بفرۆشێت، مەگەر گرێبەستەکەی نوێ نەکاتەوە، کە لە کۆتایی وەرزی داهاتوودا کۆتایی دێت.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، بارسێلۆنە بەنیازە وەرزی داهاتوو ڤیتۆر ڕۆکی لەنێو ڕیزەکانیدا بهێڵێتەوە، بەڵام هەموو شتێک بەندە بە جیاوازی مووچە کە لەلایەن لالیگاوە دیاری دەکرێت.