حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ توركیا دانوستاندن دەكەن بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە.
حەیان عەبدولغەنی لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كە لە 25ی ئازاری 2023وە راگیراوە، بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاندوە: “ئێمە دانوستان لەگەڵ توركیا ئەنجام دەدەین بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، پێشكەوتن لە دانوستانەكانی نێوان ناوەند و هەرێم سەبارەت بە بۆری نەوتی عێراق-توركیا هەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد: “عێراق ڕۆژانە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، ڕۆژانە سێ ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، هەندێكجاریش سێ ملیۆن و 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات”.
پەیوەست بە بڕی سوتای غاز لە عێراق، وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، “ڕۆژانە هەزار ملیۆن پێ سێجا غاز لە عێراق دەسوتێت”، جەختیشیكردەوە “سوتانی غاز بۆ ماوەی ساڵی 2028 تا 2030 بە تەواوی دەوەستێت”.
وەزیری نەوتی عێراق ئەوەشی خستەڕوو كە عێراق لە داهاتودا پێویستی بە هاوردەكردنی غاز نابێت، یەدەگی غازی عێراق بە 140 تریلیۆن پێی سێجا مەزەندە دەكرێت و تەنیا كێڵگەی ئۆكاز 60 ملیۆن پێی سێجا غاز بەرهەمدەهێنێت.