به‌پێى میدیا عێراقییه‌كان، بریاره به‌م زووانه شاندێكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى به‌غدا بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسى موچه‌ى هێزه ئه‌منییه‌كان كه زیاتر له 60 رۆژ ده‌بێت موچه‌ى مانگى چواریان وه‌رنه‌گرتووه.
میدیا عێراقییه‌كان له‌زارى به‌رپرسانى ده‌سه‌ڵاتدارى هه‌رێمه‌وه ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه: هه‌رێم چاوه‌رێى موچه‌ى مانگى ئایارى فه‌رمانبه‌رانى ده‌كات، به‌ڵام كێشه‌یه‌ك له موچه ولیستى هێزه ئه‌منییه‌كان دا هه‌یه كه هه‌رێم بۆ وه‌زاره‌تى دارایى عێراق ناردویه‌تى، كه‌پێویسته به‌لیستى ناو بنێرێت وبه‌ڵام حكومه‌تى كاربه‌رێكه‌رى هه‌رێم لیستى موچه‌ى هێزه ئه‌منییه‌كان به كۆد ناردۆیه‌تى به‌مه‌ش تا ئێستا موچه‌كه‌یان له‌لایه‌ن حكومه‌تى ناوه‌ندییه‌وه دابین نه‌كراوه.
شانده‌كه‌ى هه‌رێم كه‌بریاره به‌م زووانه سه‌ردانى به‌غدا بكات له‌لیژنه‌ى دارایى پێكهاتووه و ده‌یه‌وێت له‌نزیكه‌وه به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه بكات و بگه‌ن به چاره‌سه‌رییه‌ك، تا ئێستا هیچ كێشه‌یه‌ك له ناردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى كه‌رتى مه‌ده‌نى نه‌بووه، ته‌نها موچه‌ى هێزه ئه‌منییه‌كان كێشه‌ى هه‌یه.
پرسى به بانكیكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تى كاربه‌رێكه‌رى هه‌رێمه‌وه زۆر به سستى به‌رێوه‌ده‌چێت، به‌پێى بریارى دادگاى فیدرالێ عێراق ناردنى موچه بۆ هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت و پرۆسه‌ى به‌بانكیكردنیش به‌رده‌وام ده‌بێت، بۆ پرسى موچه‌ى هێزه ئه‌منییه‌كان پێویست به ده‌ستوه‌ردانى سیاسى ده‌كرێت بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى بابه‌ته‌كه.