ڤلادیمیر سالدۆ كە لەلایەن ڕووسیاوە وەك فەرمانڕەوای خێرسۆن دەستنیشان كراوە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی “تێلێگرام” ڕایگەیاندووە: “سوپای ئۆكرانیا هێرشی كردووەتە سەر گوندی سادۆڤۆی سەربە ناوچەی خێرسۆن” و ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەهۆی هێرشەكە كە بە بۆمبی فەڕەنسی و مووشەكی ئەمریكی ئەنجامدراوە، 22 كەس كوژراون و 15ی برینداربوون.
هاوكات بە ناو ئیدارەی “كۆماری گەلی لوهانسك” ئاماژەی بەوەداوە كە هێرشی مووشەكی كراوەتە سەر ناوچەی دۆنێتسك و لە ئاكامدا، چوار كەس كوژراون و 50ی دیكەش برینداربوون.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاش، ماریا زاخارۆڤا ئاماژەی بەوەداوە كە هێرشەكانی سەر خێرسۆن و دۆنێتسك، لەلایەن سوپای ئۆكرانیاوە ئەنجامدراون.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو كەسانەی كە لە هێرشەكانی سەر خێرسۆن و دۆنێتسك، تێوەگلاون سزای توندی خۆیان وەردەگرن و باسی لەوەش كرد، هێزەكانی ڕووسیا ئامادەن وەڵامی هەر تاوانێك بدەنەوە كە لەلایەن چەكدارانی ئۆكرانیاوە ئەنجامی بدرێت.
ڕوونیشی كردەوە، ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانە، پێشتر لە ڕێگای شارەزایانی ئەمریكا و بەریتانیا و وڵاتانی دیكەی ڕۆژئاوا، ئامادەكارییان بۆ دەكرێت.
تا ئامادەكردنی ئەم هەواڵە، سوپای ئۆكرانیا، هیچ ڕاگەیاندراوێكی لەوبارەیەوە بڵاو نەكردووەتەوە.