خیسۆس کاساس: یارییەکەی ئەندەنوسیا قورس دەبێت و هەوڵی بردنەوەی دەدەین

    0
    18
    كاساس
    كاساس

    خیسۆس کاساس ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێراق یاری هەڵبژاردەی نیشتمانی بەرامبەر هاوتا ئەندەنوسیاکەی بە “سەخت” وەسف کرد بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ڕکابەرەکە لەسەر خاکی خۆی و لەنێو هاندەرانی یاری دەکات.

    یارییەکەی سبەی پێنجشەممە 6ی حوزه‌یرانی 2024 لە چوارچێوەی قۆناغی پێنجەمی پاڵاوتنەکانی دووانە بۆ یارییەکانی کۆتایی جامی ئاسیای 2027 لە سعودیە و یارییەکانی کۆتایی جامی جیهانی 2026 كه‌ لە ئەمریکا و مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچێت.

    کاساس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو ڕایگەیاند، یارییەکەی ئەندەنوسیا قورس دەبێت، لە یاریگای خۆیدا یاری دەکات ئێمە هەوڵدەدەین ئەم یارییە ببه‌ینەوە، ووتیشی: یارییەکەی سبەی جیاواز دەبێت لە یارییەکەی بەسرە.

    لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمە پێشتر سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە و دەتوانین هەندێک یاریزانی نوێ تاقی بکەینەوە، بۆیە پێموایە سبەی یاریزانەکان تاقی دەکەینەوە، پێشبینی دەکەین ئەندەنوسیا سەرکەوێت بۆ قۆناغی داهاتوو چونکە پێویستی بە یەک خاڵە.

    کاساس ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕاستی هەوڵدەدەین لەگەڵ کەشوهەوای ئەندەنوسیادا بگونجێنین، کاتێکیش تۆپەکە زیاتر دەهێڵینەوە پێویستمان بە ڕاکردن نابێت بەو ڕادەیە.

    سه‌بارەت به بانگهێشتکردنی ژمارەیەک ڕووخساری نوێ و گه‌نج، کاساس ڕوونی کردەوه که ده رگاکانی هەڵبژاردەی نیشتمانی به ناوی دیاریکراوهوه سنووردار نین.

    ڕاهێنەری هەڵبژاردەی نیشتمانی نەیشاردەوە کە ڕەنگە دەرفەت بە هەندێکیان بدات بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی داهاتووی ئەندەنوسیا و ڤێتنام.

    کاساس لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: من حەزم لە بیانوو و بارودۆخی کەشوهەوا نییە، بەو پێیەی دەبێت خۆمان لەگەڵیان بگونجێنین گرنگ نییە هەرچییەک بێت و ڕەنگە هەندێکجار بەربەستێک بۆ هەردوو تیپەکە پێکبهێنن گرنگترین شت خاوەندارێتی تۆپە و دەبێت سەرنجمان لەسەر گرتنی خاڵەکان بێت لە یارییەکەدا.

    لە بەرامبەردا حسێن عەلی یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق پشتگیری لەو قسانەی ڕاهێنەرەکەی کرد سەبارەت بە سەختی یارییەکە.

    عەلی لە هەمان کۆنفرانسدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەندەنوسیا تیپێکی سەخت و پێشکەوتووە و هەموو شتێک دەکەین بۆ بەدەستهێنانی ئەو سێ خاڵە.

    جەختیشی کردەوە، دەمانەوێت هەموو شتێک بۆ ڕای گشتی عێراق بکەین، لەوانەش بەدەستهێنانی سەرکەوتن و دانانی شادی لەسەر ڕووخساریان.

    ئەو یاریزانەی هەڵبژاردەی عێراق دەڵێت: پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ بەشێک لە یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەندەنوسیا هەیە، چونکە ئێمە لە یەک خولدا یاری دەکەین، هەروەها هەمیشە باسی یارییەکان دەکەین.

    لای خۆیەوە شین تای یۆنگ ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەندەنوسیا ستایشی هەڵبژاردەی عێراقی کرد و لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند، هەڵبژاردەی عێراق باشە، هەروەها یاریزانی باشیان هەیە، و پێموایە کاتی ئەوە هاتووە لە دوای دوو دۆڕان بەرامبەریان سەركەوتن بەدەست بهێنین، یاریزانەکانیش ئەوەیان دەوێت.

    ئاماژەی بەوەشکرد، لە پۆلێنبەندی نێودەوڵەتی فیفا جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ئێمە و عێراقدا هەیە، بەڵام متمانەیەکی زۆرمان بە یاریزانەکان هەیە بۆ ئەوەی سبەی سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت.

    سەبارەت بە دیدگای خۆی سەبارەت بە یارییەکەی سبەی دوای ئەنجامە نەرێنییەکانی ئەم دواییەی بەرامبەر عێراق، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی ئەندەنوسیا ڕایگەیاند، کاتێک سەیری ئەنجامەکانم دەکەم بەرامبەر عێراق، لە عێراق بە ئەنجامی 5-1 دۆڕاین، شکستێکی قورس بوو، چونکە نەمانکرد باش ئامادەکاری بکەن، گەشتەکەش بۆ بەسرە زۆر قورس بوو.

    بڕیارە نیوەڕۆی سبەی هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئەندەنوسیا لە كاتژمێر 12 بە كاتی هەولێر ڕوبەڕوی یەكتر ببنەوە.