ئەحمەدی نەژاد، دووبارە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران تۆمار کرد

    0
    13
    أحمد نجاد
    أحمد نجاد

    سەرکۆماری پێشووتری ئێران مەحمود ئەحمەدی نەژاد کە پێشتریش بەربژێرییەکەی لە لایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران (شورای نگهبان) ڕەتکرابوویەوە، ناوی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار کە بڕیارە ٢٨ی حوزەیران بەڕێوە بچێت، تۆمار کرد.

    دوای ناونووسی کردن، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیاکان، ئەحمەدی نەژاد وێڕای ئاماژەدان بەوە کە لە ئەگەری پەسەند کردنی ناوەکەی، ئەوە یەکێک دەبێت لە بەربژێرە سەرەکییەکانی هەڵبژاردنەکە، گوتی: “لەسەر داوای خەڵکانێکی زۆر بۆ بەربژێربوونم لەم هەڵبژاردنەدا، بڕیارم دا کە ناوی خۆم تۆمار بکەم”.

    ئەحمەدی نەژاد جەختی لەوەش کردەوە کە ڕەنگە ئەو قۆناغە ببێتە هۆی وەرچەرخانی زیاتر بۆ وڵاتەکە، گوتیشی: “زۆر شوکور کە هاتمە ئێرە و لەم قۆناغەدا بەرپرسیارێتییەکەم بە جێ هێنا”.

    مەحمود ئەحمەدی نەژاد ڕاشیگەیاند کە لە ئەگەری بوونی بە سەرکۆمار، ئەرکی سەرەکی حکوومەتەکەی بەرەنگاربوونەوەی هەژاری دەبێت و لەم بارەیەوە گوتی: “لەو باوەرەدام چارەسەری کێشەکانی بە لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی هاووڵاتیان، کەڵک وەرگرتن لە بیروڕای شارەزایان و کاریگەرییەکەی بونیادنەرانە لەسەر جیهان بەدی دێت”.

    ئەحمەدی نەژاد لە ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠١٣ بۆ دوو خول سەرکۆماری ئێران بووە، بەڵام بەربژێرییەکەی لە ساڵی ٢٠١٧ کە دەبوویە ڕکابەری حەسەن ڕووحانی کە براوەی هەڵبژاردنەکەش بوو، ڕەت کرابوویەوە.

    بەربژێریی ئەحمەدی نەژاد لە ساڵی ٢٠٢١ جارێکی دیکە لە لایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور (شورای نگهبان) ڕەت کرابوویەوە. لەم هەڵبژاردنەشدا ئیبراهیم ڕەئیسی بووە سەرکۆماری ئێران.

    ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ئایار ھێلیکۆپتەرێک کە سەرکۆماری ئێران، ئیبراھیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان چەند بەرپرسێکی ئێرانی ھەڵگرتبوو، دوای گەڕانەوەی لە بەسەرکردنەوەی ھەوڵەکانی دروستکردنی بەنداوێک لەسەر سنوورەکانی ئازەربایجان، بەھۆی نالەباری کەشوھەواوە کەوتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لەدەستداوە.