بۆ یەكەمجار دادگایەكی عێراق بڕیارێكی دادگەی فیدراڵی رەتدەكاتەوە

    0
    12
    مجلس القضاء الاعلى
    مجلس القضاء الاعلى

    بۆ یەكەمجار دادگایەكی عێراق بڕیارێكی دادگەی فیدراڵی رەتدەكاتەوە و خۆی بە بەرزترین دەستەی دادوەریی لە عێراق ناودەهێنێت.
    دادگەی پێداچونەوەی فیدراڵی كە بەشێكە لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بڕیارێكی دادگای باڵای فیدراڵی رەتدەكاتەوە و دەڵێت: ئەو دادگایە دژی پڕەنسیپی جیاكردنەوەی نێوان دەسەڵاتەكان و دەستوری عێراق دەقی یاسای هەمواركردوەتەوە كە بەپێی دادگەی پێداچونەوە لە دەسەڵاتی دادگەی فیدراڵی نییە.
    بڕیارەكەی دەستەی گشتیی دادگەی پێداچونەوە رۆژی 29ـی ئایاری 2024، دوای تاوتوێكردنی سكاڵایەكی دادوەر عەلی بونیان كحێت، دادوەری لێكۆڵینەوەی شەرگات لە پارێزگای سەڵاحەدین دەریكردوە كە ناوبراو لەبارەی رەتكردنەوەی داواكارییەكی بۆ خانەنشینبون لە دژی فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری سكاڵای كردوە.
    دادگەی پێداچوونەوە دوای كۆبونەوەی بە سەرۆكایەتی سەرۆكی دادگەكە و سێ جێگرەكەی و 15 دادوەری دادگەكە بڕیاری داوە كە :”دادگەی پێداچوونەوەی فیدراڵی بەرزترین دەستەی دادوەرییە لە عێراق بە پشتبەستن بە مادەی 12ـی یاسای رێكخستنی دادوەریی كە دەتوانێت دژی هەر بڕیارێك لە هەر دادگەیەكەوە دەربچێت و لەنێویاندا دادگەی فیدراڵی.
    دادگەكە ئەوەی روونكردووەتەوە كە دادگەی فیدراڵی لە بڕیارەكەی 102/فیدراڵیی 2024 لە 15ـی نیسانی 2024، لەبارەی دۆسیەی خانەنەشینكردنی ئەو دادوەرە دەریكردووە دەقێكی یاسایی بەركاری هەمواركردوەتەوە و ئەو كارەش لە دەرەوەی تایبەتمەندییەكانی دادگەی فیدراڵییە و ئەو جۆرە دەسەڵاتەی نییە، بۆیە بڕیارەكەی بە نەبوو هەژمار دەكرێت.
    هەروەها رایگەیاندوە: بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی پێچەوانەی مادەی 47ـی دەستوری عێراقە و دژی ناوەڕۆكی پڕنسیپی جیاكردنەوەی نێوان دەسەڵاتەكە و پێشێلكردنیەتی، چونكە هیچ دەسەڵاتێك ناتوانێت كاری دەسەڵاتێكی دیكە بكات.
    دادگەی فیدراڵیی عێراق لە 12 دادوەر پێكدێت، سێیان ئەندامی یەدەگن، لە مادە 93ـی دەستووری عێراق هەشت دەسەڵاتی بۆ دیاریكراوە، لەنێویاندا چاودێركردنی دەستووریبوونی یاسا و رێسا بەركارەكان، شیكردنەوەی دەقەكانی دەستوور، بڕیاردان لەو ناكۆكییانەی لەنێوان حكومەتی ناوەندی و هەرێم و پارێزگا و شارەوانی و ئیدارە خۆجێیەكان سەرهەڵدەدەن.