بێلینگهام دوپاتیکردەوە زۆر بیر لە بردنەوەی باڵۆندۆر ناکاتەوە ڤینیسیۆسیشی بەباشترین یاریزانی جیهان ناوبرد.
بەهۆی ئاستە بەرزەکەی بێلینگهام لە یەکەمین وەرزی لەگەڵ ڕیال مەدرید، وەک یەکێک لە پاڵێوراوانی بردنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆر ناودەبرێت، کە دەبەخشرێتە باشترین یاریزانی جیهان بەڵام یاریزانە تەمەن 20 ساڵەکە دەڵێت گرنگی بە بردنەوەی خەڵاتەکە نادات.
ناوبراو لەو بارەیەوە بە تێلێپۆرتی وت: لە ڕاستیدا زۆر گرنگی بەو بابەتە نادەم، هەمیشە هەستم بەوە کردووە کە تۆپی ئاڵتونی و ئەو خەڵاتانە زیاتر دەدرێت بە هێرشبەران، چونکە یاریزانانی تەکنیکی و لەبەر چاون، دەزانم دەتوانم بینەرن بەلای خۆمدا رابکێشم، بەڵام کەس ناتوانێت وەک ڤینی ئەو کارە بکات، پێشتریش وتوومە کاتێک ئەو لە باشترین فۆڕمی خۆیدایە باشترین یاریزانی جیهانە.
باسی لەوەشکرد، دەزانێت کە ڤینیسیۆسیش بەهەمان شێوە لە ئەو دەڕوانێت چونکە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوانیاندا هەیە، ئەگەر هاوڕێکەی ببێتە براوەی باڵۆندۆر هەست بە خۆشحاڵییەکی زۆر دەکات چونکە ئەم دەستی دەبێت لە یارمەتیدانیدا.
وە وتیشی: مەرج نییە هاوڕێیەتی تەواوی هاوتیپییەکان بکەیت، بەڵام بە دڵنیاییەوە یارمەتی تیپەکە دەدات ئەگەر لە دەرەوەی یاریگاش نزیک بن لە یەکتر، دواتر ئەو نزیکییە خۆی لە یاریگادا نیشان دەدات.
بێلینگهام بەشداری راستەوخۆی هەبووە لە تۆمارکردنی 25 گۆڵ بۆ ریاڵ مەدرید و یارمەتی یانەکەیدا بۆ بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا لەم وەرزەدا، هەروەها سەرکردایەتی تیپەکەی کارلۆ ئەنچیلۆتی کرد بۆ گەیشتن بە یاری کۆتایی چامپیۆنز لیگی ئەوروپا بە تۆمارکردنی چوار گۆڵ و چوار ئەسیستی، لەلایەکی ترەوە هاوڕێ بەڕازیلیەکەی ڕۆڵی هەبووە لە تۆمارکردنی 20 و نۆ ئەسیست لە هەردوو پاڵەوانێتیەکەدا.