لە نوێترین توێژینەوەی زانكۆی كۆلۆمبیا لە نیویۆرك كە لە گۆڤاری كۆمەڵەی ئەمەریكیی نەخۆشییەكانی دڵ بڵاوكراوەتەوە، هاتووە كە تووڕەبوون Anger هەتا ئەگەر ماوەكورتیش بێت، كاریگەریی نەرێنی دەكاتە سەر فرمانی بۆڕییەكانی خوێن و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ بەرز دەكاتەوە. لە چەند لێكۆڵینەوەیەكی پێشتر ئاماژە بەمە كرابوو كە تووڕەبوون جگە لە تێكدانی مەزاج، گرفتی تەندروستیی تریش پەیدا دەكات بەتایبەتی لە كۆئەندامی دڵ و سووڕاندا بە شێوەی تێكچوونی فرمانی بۆڕییەكانی خوێن بەتایبەتی رەقبوونی خوێنبەرەكان كە ئەگەری نەخۆشیی دڵ و جەلتەی مێشك زیاد دەكات. تووڕەبوونی بەردەوام و درێژخایەن ئەگەر كۆنترۆل نەكرێت، دەبێتە ئەگەری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، هەندێك جاریش هۆكارە بۆ ئازاری سینگ یان سینگەدڕە Angina لە ئەنجامی تەسكبوونەوەی خوێنبەرەكانی دڵ بەهۆی زیادبوونی هۆرمۆنەكانی سترێس واتە ئەدرینالین و كۆرتیزۆل، كە دەبێتە هۆی كەمتر گەیشتنی ئۆكسجین بە ماسوڵكەی دڵ. لێكۆڵینەوەكان جەختیان كردۆتەوە كە ئەگەری روودانی نۆرەی دڵ یان ئازاری توندی سینگ تا 5 هێندە زیاد دەبێت لە ماوەی 2 كاتژمێری پاش تووڕەبووندا، هەروەها ئەگەری جەلتەی مێشك تا 4 هێندە بەرزدەبێتەوە.
Home تووڕەبوون زیان بە دڵ دەگەیەنێت!