مێژووی مزگەوتی گەورەی ئاكرێ

    0
    14
    صورة مسجد
    صورة مسجد

    بەپێی بەشێك لەسەرچاوەكان مزگەوتی گەورەی ئاكرێ بە كۆنترین مزگەوت دادەنرێت لە كوردستان، كە مێژوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 20بۆ 22ی كۆچی، واتا نزیكەی چواردە سەدە بەر لە ئێستا، لەگەڵ هاتنی سوپای ئیسلام بۆ ناوچەكە، مزگەوتەكە دروست كراوە، ئەوەش بە فەرمانی عبداڵڵای كوڕی عومەری خەتاب بووە، كە بڕیاری دروستكردنی دوو مزگەوتی داوە لەو كاتەدا، یەكێكیان مزگەوتی گەورەی خورماڵ بوو ئەوەی دیكەیش مزگەوتی گەورەی ئاكرێ، بەڵام بەپێی پێشبینیەكان مزگەوتی گەورەی ئاكرێ پێشتر دروست كراوە. مزگەوتی گەورەی ئاكرێ لە بەشی سەرەوەی، منارەیەك و گومەزییەك (قوبە) هەیە، كە لە سەرەتای دروستكردنییەوە هیج كام لەم دوانە نەبون، واتا دواتر بۆی زیاد كراوە، بەرزیی منارەكە نزیكەی 60مەترە، گومەزییەكەش، 17مەتر بەرزە، كە هەردوكیان دیمەنی مزگەوت و ناوچەكەیان جوانتر كردووە. مزگەوتی گەورەی ئاكرێ لە سەرەتاوە بە شێوەیەكی زۆر جوان، بە بەرد و نەخش ونیگاری زۆر جوان و سەنجڕاكێش بینا كرابوو، بەڵام بەداخەوە بەناوی نۆژەنكردنەوەوە ئەو نەخشونیگارانە لابران و ئەو شێوەیەیان پێ بەخشی كە ئێستا هەیە، ئەو مامۆستا ئایینییەی كە ئێستا لە مزگەوتی گەورەی ئاكرێ وتارخوێنە، ئاماژەی بەوە داوە كە ئیمامەتیكردن لەو مزگەوتە بۆمان ماوەتەوە و زیاتر لە 400 ساڵە ئیمامەتی ئەم مزگەوتە هی بنەماڵەكەمانە و باب و باپیرانیشم لێرە ئیمام بوون. شوێنی مزگەوتەكە كەوتووەتە گەڕەكی ئاكرێی كۆن، كە ئەمەش ئەوە دەردەخات كە ئاوەدانی و ژیان لەو كاتەدا لەم ناوچەیە بووە، كاتێك سەردانی ئەم ناوچەیەش دەكەیت، هەست دەكەیت كە هەڵكەوتەی ناوچەكە لەكۆندا وا دروست كراوە كە بە تەنیشت شاخەوەیە، ئەمەش بۆ خۆپارێزی بووە لەكاتی هێرش و پەلامارەكاندا.