ئەنجومەنی وەزیرانی ئاسایشی سایبەری عەرەبی دووەمین خولی ئاسایی خۆی لە ڕیازی پایتەخت دەبەستێت

    0
    23
    ئەنجومەنی وەزیرانی ئاسایشی سایبەری عەرەبی دووەمین خولی ئاسایی خۆی لە ڕیازی پایتەخت دەبەستێت
    ئەنجومەنی وەزیرانی ئاسایشی سایبەری عەرەبی دووەمین خولی ئاسایی خۆی لە ڕیازی پایتەخت دەبەستێت

    ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی ئاسایشی سایبەری عەرەبی، دووەمین خولی ئاسایی خۆی لە شاری ڕیاز بەست، بە سەرۆکایەتی شانشینی عەرەبی سعودی کە نوێنەرایەتی دەکرا لەلایەن ماجد بن محەمەد مەزید، پارێزگاری دەستەی نیشتمانی بۆ ئاسایشی سایبەری. کۆبوونەوەکە بە بەشداری وڵاتانی عەرەبی نوێنەرایەتی کراو بە سەرۆکی دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئاسایشی سایبەری، و باڵیۆز عەلی بن ئیبراهیم مالکی، یاریدەدەری ئەمینداری گشتی سەرۆکی کەرتەی کاروباری ئابووری لە کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی، لەگەڵ ئیبراهیم بن ساڵح فریح، ئەمینداری گشتی ئەنجومەن بەڕێوەچوو.

    سەرۆکی کارەکانی خولەکە وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەو گۆڕانکارییانەی ئەمڕۆ جیهان بەخۆیەوە دەیبینێت لەسەر ئاستی جوگرافیای سیاسی، ئابووری، گەشەپێدان و تەکنەلۆجیا، ئاسایشی سایبەری دەکاتە ناوەندی ئەولەوییەتە ستراتیژییەکانی وڵاتانی عەرەبی، بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوبەشیان، و پشتیوانیکردنی ئابوورییەکانیان، و پاراستنی بەرژەوەندییە ژیانییەکان و سەروەت و سامانەکانیان، بۆ گەیشتن بە کەشێکی سایبەری عەرەبیی ئارام و جێی متمانە کە یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی گەشەپێدان، خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بۆ نیشتمان و گەلانی وڵاتانی عەرەبی.

    لەلایەن خۆیەوە، باڵیۆز ئەلمالکی جەختی لەوە کردەوە کە کەمیی خەرجکردن لەسەر پەرەپێدانی ئاسایشی سایبەری لە ناوچەی عەرەبی، یەکێکە لە دیارترین ئاڵنگارییەکان، بەتایبەتی لە سایەی گەشەکردنی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بە خێراییەکی زۆر. ئەو ڕوونی کردەوە کە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ناجێگیری و ئەو جەنگانەی ناوچەکە بەخۆیەوە دەیبینێت، جەختیشی کردەوە کە دەبێت خەرجکردن لەسەر ئاسایشی سایبەری لە ئەولەوییەتەکانی حکومەتە عەرەبییەکان، دامەزراوە پیشەسازییەکان، و کۆمپانیاکان بە جیاوازی قەبارەکانیان بێت.

    لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا، ئیبراهیم فریح، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی ئاسایشی سایبەری عەرەبی، ئاماژەی بە پەرۆشیی ئەمیندارییەتی گشتی کرد بۆ بەهێزکردنی هاوکاری و تەواوکاری لە نێوان وڵاتانی عەرەبی لەم کەرتە گرنگەدا، لە سێبەری ئەو ئاڵنگاری و هەڕەشانەی جیهان بەخۆیەوە دەیبینێت لە بواری ئاسایشی سایبەری، دووپاتی کردەوە کە بەردەوام دەبن لەسەر بەدیهێنانی ئاواتەکانی ئەنجومەن بە هاوکارییەکی پتەو لەگەڵ وڵاتانی ئەندام.

    ئەندامانی ئەنجومەن کۆمەڵێک پەڕەی کاری پێشکەشکراو لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە خرانە ڕوو، و ژمارەیەک بڕیاریان دا، کە دیارترینیان بریتی بوون لە “پەسەندکردنی پڕۆژەی ستراتیژییەتی عەرەبی بۆ ئاسایشی سایبەری ،ڕەزامەندی دەربڕین لەسەر پەیوەندیکردنی ئەنجومەن بە ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە سایبەرییەکان ، و پەیوەندیکردن بە ئەندامێتی دیارترین ڕێکخراو و قەوارە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها، هەماهەنگیکردنی داتا هاوبەشە عەرەبییەکان لە بواری ئاسایشی سایبەری لە ڕێگەی ئەنجومەنەوە ، هه‌روه‌ها پەسەندکردنی میکانیزم و ڕێکارەکانی پەیوەندیکردنی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هاوشێوەکانیان بە شێوەی چاودێر”.

    ئەنجومەن هەروەها گفتوگۆی لەسەر دوایین پێشهاتەکانی ئاسایشی سایبەری کرد لەسەر ئاستی ئاسایشی، ئابووری، و گەشەپێدان، کە یارمەتیدەر دەبێت لە بەهێزکردنی ئاسایشی سایبەری لەسەر ئاستی عەرەبی.

    جێگای باسه‌ کە ئەنجومەنی وەزیرانی ئاسایشی سایبەری عەرەبی لە وەزیرە عەرەبییە پەیوەندیدارەکان بە ئاسایشی سایبەری پێکدێت، و پەیڕەوی ناوخۆی بە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئاستی لوتکە پەسەند کرا، و لە ژێر چاودێری ئەنجومەنی کۆمکاردا کار دەکات. ئەرکەکانی ئەنجومەنەکە بریتین لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی و دانانی ستراتیژی و ئەولەوییەتەکان بۆ پەرەپێدانی کاری عەرەبیی هاوبەش لە ئاسایشی سایبەری، و تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی لەسەر ئاستی ئاسایشی، ئابووری، گەشەپێدان و یاسادانان، لەگەڵ پەسەندکردنی پلانە عەرەبییە هاوبەشەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەت و ستراتیژییانەی ئەنجومەن پەسەندیان دەکات.